بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بە وتەى پەیامنێرانى شارپرێس لە ناوەندەکانى دەنگدان لە شارو شارۆچکەکانى کوردستان رایانگەیاند، کە لەچەند وێستگەیەک کێشەى دەنگدان هەیە ئەویش یان وێستگەکان نەکراونەتەوە یان ئامێرەکان کارناکەن یانیش کیشە لە کارتى دەنگدانى دەنگدەران هەیە، هاوکات کەسانێک هەن ناویان نەگەڕاوەتەوە.
لە هەولێر لەو وێستگەیەى کە عەلی باپیر سەرۆکى کۆمەڵی دادگەرى دەنگی لێدەدات بەهۆی کارنەکردنى ئامێرەکان نەیتوانیوە دەنگ بدات و چاوەڕێی چارەسەرکردنى ئامیرەکانى دەنگدانن.
هەروەها لە چەند وێستگەیەکى دەنگدان لە شارى سلێمانى و هەڵەبجەو پێنجوێن و راپەڕین و گەرمیان و چەمچەماڵ و تەکیەو بازیان و عەربەت و کۆیەو سۆران و چۆمان زاخۆو ئامێدی کیشە لەچەند ئامێرێکى دەنگدان دروست بووەو لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
بە هەمان شێوەش لە چەند وێستگەیەکى دەنگدان لە دهۆک کیشە لە ئامێرەکانى دەنگدان هەیە و دەنگدەران چاوەڕوانى چارەسەرکردنى کیشەکەن بۆ ئەوەی دەنگەکانیان بدەن.
بەشێک لە کارمەندانى کۆمسیۆن سەبارەت بە کێشەى ئامێرەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئامێرەکان لە بەغداوە کێشەیان هەیەو چاوەڕێی ئەوە دەکەن کۆدی ئامێرەکەیان پێ بگات تا گرفتەکە چارەسەر بکەن.
هاوکات لەگەڵ بوونى ئەو کێشانەش ئاستى بەشداری هاوڵاتیان و چوونیان بۆ ناوەندەکانى دەنگدان لاوازەو بەپێی پێویست نییەو لەناوەندەکانى دەنگدان نابینرێن.
کێشەى ئامێرەکانى دەنگدان لە رۆژى دەنگدانى تایبەتیش هەبوو کە بەو هۆیەوە ژمارەیەکى زۆر لە دەنگدەرانى تایبەت نەیانتوانى لەو رۆژەدا دەنگ بدەن کە نزیکەى ١٨ هەزار دەنگدەر بووە.
Your Comment